میدیالە بیەفزا، زیاد بکە
لە بیەفزا ئەوە خەڵکە کە دیاریی دەکات چ شتێک باشە
پاڵنەر، وزە، کەفوکوڵ، هیوا و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن ئەو شتانەن کە پاش دیمانەیەکی چەند خولەکی لەگەڵ کامیل سەیدی دێنە زەینتان؛ گەنجێک کە ئەزموونی ژیانی لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا هەیە و لە بواری کار و کاسبیی نوێ و گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی جیهاندا بە تەنیا و بە ئەزموون خوێندنەوەی خۆی درێژە پێداوە، بەجۆرێک وەک دەرچوویەکی زانکۆ لە بواری ستارتاپ و ئابووریی نوێدا قسەی خۆی هەیە.
ئەم گەنجە ژیر و بەبیرە کە ئایدیای گەورە لە زەینی خۆیدا پەروەردە دەکات، باسی ئایدیایەکی مەتەڵئاسای بۆ ئێمە کرد، کە دوا ئامانجی ئەو و هاوڕێکانیەتی لە کەش و بەستێنی کار و کاسبیدا؛ ئایدیایەک کە بە تەمایە سنوورەکانی جیهان ببەزێنێ و بازاڕە مەزنەکانی دنیا دابگرێت.
نموونەی سەرەتایی و پرۆتۆتایپی ئەو ئایدیا گەورەیە کار و کاسبیی «بیەفزا»یە، کە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە و بڕیار وایە خزمەت و دەرەتانی زیاتر بۆ بەکارهێنەرە ئێرانییەکان بڕەخسێنێ و دواجار بەپێی پێشینەی کار و ژیانی دامەزرێنەری بیەفزا لە وڵاتانی دراوسێدا، بە براندێکی نوێ چالاکییەکانی خۆی لەو وڵاتانەدا درێژە بدات.
لەگەڵمان بن بۆ ئەم دیمانەیە بۆ ئەوەی باشتر «بیەفزا» بناسن و لەگەڵ ئایدیاکانی ئەو گەنجە ئێرانییە ئاشنا بن.

لە بەردی ڕەنگاوڕەنگەوە تا پالتفۆرمێک

تکایە خۆت بناسێنە.
سەید کامیل سەیدی، لەدایکبووی ١٩٨٥، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری (بیەفزا)م. ١٨ ساڵ لە بواری میدیا و هونەردا چالاکیم هەیە، لە هەواڵنێرییەوە تا سەرنووسەری، گرافیستی میدیایی هەڵبژێردراوی وڵات و بەڕێوەبەری هونەری و ڕاوێژکاریی براندەکان و کۆمپانیا بازرگانی و تەکنۆلۆژیا و ڕووداوە دەوڵەتییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
من لە بواری داڕشتنی ئایدیا و پەرەپێدانی خوڵقێنەرانە و داهێنەرانەی ناوەرۆک و دروستکردنی ڕەوتی کولتووریدا پسپۆڕم و حەزم لێیە. بیەفزا یەکێکە لە پڕۆژەکانی کۆمپانیای «دانشبنیان»ی «بەرهەمی هونەرمەندی ژیر» لە ئێراندا.
بەڕێز کامیل، کار و کاسبیی بیەفزا بەتەمایە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بخاتە بەردەستی بەکارهێنەرەکانی؛ بیرۆکەی ئەو کار و کاسبییە چۆن بیچمی گرت؟
ئەو بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیم کە حەزم چووە کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و ڕێک وەکوو کۆلکسیۆنەرێکی پرۆفیشناڵ کە چۆن بە شوێن کۆکردنەوە و پاراستنی شتی تایبەت و دەگمەنەوەن. یەکەم شتێک کۆم کردبۆوە بەرد بوو؛ بەردی بچووک و ڕەنگاوڕەنگ کە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆریان هەبوو و لە تەمەنی چوار ساڵیمدا لای من بەنرخترین شتی ئەم دنیایە بوون.
وردە وردە ئەو کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردنە بۆ من بوو بە سەرگەرمی و ئینجا بوو بە خووخدە و ئاخری پاش سی ساڵ بوو بە پسپۆڕی و لێهاتووییەکی تایبەت کە هەڵبەت کاری کردە سەر دەرسخوێندن و هەڵسوکەوت و کەسایەتیم و وای لێ کردم نەتوانم پەیوەندییەکی تەواو و بەردەوام لەگەڵ هاوتەمەنەکانم و بنەماڵە و هاوڕێکانم دابمەزرێنم؛ زۆربەی کات و وزە و هەستی خۆم لە ئەرشیڤەکەی خۆمدا دادەنا.
ساڵی ١٩٩٤ کە کەفوکوڵی مۆندیال زۆر بە کوڵ بوو، وێنەی ئەو بنێشتانەم کۆ دەکردەوە کە وێنەی یاریزان و تیمەکانی بەشدار لە مۆندیالیان تێدا بوو، زۆر بە وردبینی و هەستیارییەوە. یەکەم ڕۆژنامەی تەواو ڕەنگاڵەی ئێران، واتە «هەمشەری» کە زۆر بە کوالێتیتر بوو و گۆشە و وێنەی جۆراوجۆری ژیانی ئاژەڵ و گیانلەبەرە کێوییەکان و گوڵ و گیا و کاریکاتێری هەبوو، ئەویش بوو بە بابەتی ئەرشیڤەکەم؛ ئەو وێنانەم بە مەقەس هەڵدەبڕی و لە دەفتەرەکەمدا هەڵمدەگرتن.
هاوکات و پێشتریش گۆڤارگەلی دیکەی وەک «دانستنیها، گلآقا و کتاب همشهری» هاتن و ئاخری کاتێک لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەگەڵ کۆمپیوتەر ئاشنا بووم، تێگەیشتم ئەسڵی ئەرشیڤ لەوێدایە: خەرمانێک مۆسیقا و فۆنت و وێنە و فیلم و سۆفتوێر و... کە دەتوانن ببنە هەوێن و بابەتی ئەرشیڤەکانی من.
من وەک خۆرەیەک، ئەو بارستایی داتایانەم بەگوێرەی سوودێک کە بەرانبەرەکە لێی وەردەگرێ، لە کاتاگۆریی ورد و هاردی زۆر گەورەدا کۆ دەکردەوە و پۆلینبەندیم دەکردن و ناوم لێ دەنان، تا ئەوەی پاش ساڵانێک تێگەیشتم بابەتی گرینگتر لە داتا دیجیتاڵییەکان هەن کە دەکرێ دەستەبەندییان بکەی و هاتمە سەر ئەوەی کە لە کاروکاسبی و بازاڕ و کڕین و فرۆشتن و خزمەتگوزاریشدا دەکرێ شتی باش و باشتر پۆلینبەندی بکەی و بیانناسێنی.
بەشی هەرە زۆری زەین و مێشکم لەو دوازدە ساڵەی ڕابردوودا هەر لەسەر ئەو ماڵپەڕ و ئەپانەی جیهان بووە. ئەگەر بپرسن پسپۆڕی و لێهاتوویی تۆ چییە، دەڵێم: پشکنین، بەراوردکردن، گەڕان و هەڵبەت لیستەکردن.
ئێمە پالتفۆرمێکی خەڵکیانەمان هەیە کە بە هەڵبژاردنی خەڵک و بۆ خەڵک بووە و خێزانێکی گەورەی ئەلکترۆنییە؛ بەستێنێکە بۆ ئەوەی خەڵک لیستەیەکیان لە باشترین شتە تایبەتییەکانی خۆیان لەبەردەست بێت و بتوانن لەگەڵ ئەوانی دیکەیشدا هاوبەشی بکەن و لە ڕووبەڕی سەرەکیی ترێندەکاندا ببینرێن و ئەوانی دیکەش بتوانن بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بکڕن و هەرچەشنە چالاکییەکی دیکە کە لەگەڵ بەرهەم یان خزمەتگوزاری یان ناوەرۆکەکەدا بگونجێت ئەنجامی بدەن.کامیل سەیدی
وێنەی بنێشتی مۆندیال
لە ١٩٩٤دا وێنەی یاریزانانی سەر بنێشتەکانی مۆندیال بە وسواسەوە کۆ دەکاتەوە و لە ڕۆژنامەی «هەمشەری» وێنە دەبڕێت و لە دەفتەردا هەڵیدەگرێت.
کۆمپیوتەر؛ ئەرشیڤی دیجیتاڵ
لە ١٦ ساڵیدا لەگەڵ کۆمپیوتەر ئاشنا دەبێت و تێدەگات ئەسڵی ئەرشیڤ لەوێدایە: مۆسیقا، فۆنت، وێنە، فیلم و نەرمەکاڵا.
دەستپێکی پرۆژە گەورە نهێنییەکە
بەگوێرەی قسەی خۆی، شەش ساڵ پێش دیمانەکە پرۆژەی سەرەکی دەستی پێ کرد؛ بیەفزا کەرتە پازڵێکە لەو وێنە تەواوە.
لەدایکبوونی بیەفزا
نزیکەی شەست ڕۆژ پێش دیمانەکە، بیەفزا لە فەلسەفەی ئەو پرۆژە گەورەیەوە دروست دەبێت.
بەرگی «شنبه»، ژمارە ١٦٤
دیمانەکە لە ژمارەی تایبەت بە ستارتاپی هەفتەنامەی «شنبه» چاپ دەکرێت.
لانچی تایبەتیی پرۆتۆتایپ (پلانکراو)
بەپێی پلانی ڕاگەیەندراو لە دیمانەکەدا، پرۆتۆتایپی ئەپەکە بە شێوەی تایبەتی بۆ تیمی گەشەپێدان دەخرایە گەڕ.
بیەفزا و نەیەفزا: لیستەی باشترینەکان

بیەفزا بە وردی چییە و خزمەتگوزارییەکانی چین؟
ئەمن زۆر خێرا پالتفۆرمێکی سادەتر و کورتترم لەو پرۆژە مەزنە جیهانییەی شەش ساڵ کارم لەسەر کردبوو، بۆ بەکارهێنەری ئێرانی دروست کرد، کە چوار بەشە. بەشێکی تۆڕی کۆمەڵایەتییە لە گوێنی ئینستاگرام و تویتەر و فەیسبووک، کە ئەم بەشە بە شێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵەیەکە لەو سێ بابەتە، هەڵبەت بە شێوازی خۆمانە و هیچ وێکچووییەکی لەگەڵ ئەو نموونانە نییە و کارێکی تەواو داهێنەرانە و نوێیە.
بەشی دووەمی بیەفزا فرۆشگایەکە، شتێکی وەک دیجیکالا، عەلیبابا، سناپ، دیوار و کۆمۆدا، کە هەم بەرهەمی دەستی دووەم و هەمیش ئەو بەرهەمانەی لە فرۆشگەدا هەن دەتوانین لەو بەشەدا دابنێین و بیانفرۆشین، هەمیش خزمەتگوزاریی بووکینگ و فرۆشتنی خزمەتگوزاری. شێوەی مامەڵەکردن و فرۆشتن و دانانی بەرهەمیش، هەم لە ڕواڵەت و هەمیش بەپێی فەلسەفەی کار تەواو تایبەتی بیەفزایە و لە شێوەی خۆیدا شێوازێکی تایبەت بەخۆیە.
بەشی سێیەمیش کە بەڕای من زۆر هەژێنەرترە، بەشی ڕاپرسییە، بەو شێوەیە کە ئێمە بابەتگەلی جۆراوجۆری شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و لایەنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و زۆر شتی دیکە هاوبەش دەکەین و خەڵک لەو ڕاپرسییەدا بەشدار دەبن و دواجار داتا و کۆمەڵەیەکی ئاماریمان پێ دەدەن لەسەر ئەو بنەمایە کە چ شتێکیان حەز لێیە و حەزیان لە چ نییە و بەگشتی چ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بە بابەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەیە. بۆ نموونە لە بەشی پالتفۆرمە جۆراوجۆرەکاندا ئاماری ئەو ڕاپرسییە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی تێبگەین ئاخۆ کام پالتفۆرمی ئێرانی خۆشەویستترە یان بەکارهێنەران کام ئەپڵیکەیشن پتر دادەبەزێنن.
جگە لەو سێ بەشە بنەماییەی باسمان کردن، ئێمە بەشی چوارەمیشمان لە بیەفزادا هەیە، کە هەڵبەت ڕێک پێچەوانەی بەشی یەکەمە، بەناوی «نەیەفزا» (زیادی مەکە). ئەو شتانەی کوالێتی و کردەوەیان باش نییە و لەوانەیە زیانبەخش بن، ئەو شتانەی کە هەلپەرستەکان کاریان لەسەر کردوون و... لە بەشێکی تەواو جیای بیەفزادا بەناوی نەیەفزا دادەنرێن تا خەڵک ئاگادار بن و ئەو شتانەی ڕۆژانە بە شوێنیانەوەن و دەیانکڕن و بەکاریان دێنن زیاد نەکەن. لەڕاستیدا دەتوانم بڵێم ئێمە لیستەیەکی تەواوی ئەو شتانەی باشن یان باش نین لە بەردەستمانە.
بە ڕای من نەیەفزا هیچی لە بیەفزا کەمتر نییە؛ جاری وایە ئێمە ڕۆژانە لە کولتووری بەرخۆری و کڕین و کردەوەماندا تووشی هەڵە دەبین و لێرەدایە کە نەیەفزا یارمەتیدەرمان دەبێ بۆ ئەوەی چاوکراوە بین. ئەو نەیەفزایانە تەنیا کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەخۆ ناگرن، بەڵکوو زۆر بابەتی ئەخلاقی و دەروونی و شتی تاکەکەسییش لەخۆ دەگرن. بەکارهێنەرانی بیەفزا، لەڕێی ئەکاونتەکانیانەوە لاپەڕەیەکی تایبەتیان دەبێ کە تێیدا دەتوانن لیستەیەک دروست بکەن و لیستەکەیان هاوبەش بکەن یان لە بانکەکەدا کەڵک لە بیەفزا و نەیەفزاکانی خۆیان وەرگرن.
لە بەشی نەیەفزادا، ئەوە ئێوەن دەسنیشانی دەکەن چ شتێک باش نییە؟
قۆناغی کار، فراوانبوون، دەستپێکردن و تیم

ئێستا بیەفزا هەر بیرۆکەیە، یان گەشەی زیاتری کردووە؟ دەکرێ بڵێن لە چ قۆناغێکدایە؟
ئێمە بە پێگەی هاوبەشی «زاویە»وە داوای شوێنمان کردووە و تیمەکەمان لەڕووی تەکنیکی و دیزاین و بەرنامەنووسین و مێنتۆر و بازاڕدۆز و پەیوەندیی گشتی و HR و PRەوە داڕشتووە. جا چونکە شەش ساڵە لەسەر پرۆژە سەرەکییەکە کار دەکەین، تیمەکەمان بۆ پرۆژەی سەرەکی پەروەردە کراوە.
لەڕاستیدا ئامانج لە پرۆژەی بیەفزا، ئەو پرۆژە سەرەکییەیە کە ئێمە بە پشتیوانیی بیەفزا دەمانەوێ ئەزموونی بکەین و سامانی پێ دەستەبەر بکەین و بەهاخوڵقێن بین و دواییش، خوا یاری بێت، لە هەنگاوی دواتردا پرۆژەکەی دی ڕابپەڕێنین.
پرۆژەی بیەفزا لە ئێران جێبەجێ دەکرێ، یان بەتەمان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران پەرەی پێ بدەن؟
بیەفزا تەواو تایبەتە بە ئێران، هەڵبەت ئێمە لە وڵاتانی دراوسێمان دۆست و کەسی وامان هەن کە قسەمان لەگەڵ کردوون و بانگهێشت کراون و چەندین کۆبوونەوەمان پێکەوە بووە و وامان داناوە شێواز و ئەلگۆریتمی بیەفزا لە وڵاتی ئەوانیشدا بە براند و شێوە و بیچمی دیکەوە خۆماڵی بکرێ و کەڵکی لێ وەربگیرێت، بەڵام کاکڵ و زانست و فەلسەفەکە هەر بیەفزا دەبێت.
بۆ نموونە ئێمە بیەفزامان بۆ ئێران دیزاین کردووە و داڕشتووە، بەڵام بۆ وڵاتانی عەرەبییش کە دانیشتوانیان لەسەرووی شەسەد ملیۆن کەسەوەیە، ئەپڵیکەیشنێکی دیکەمان داڕشتووە کە کاکڵ و پێکهاتەکەی هەروەک بیەفزایە، بەڵام ناوەکەی جیاوازە. ناو و لۆگۆکەیمان داڕشتووە و قسەمان لەگەڵ ئەو تیمی سەرمایەگوزارییەیش کردووە کە لەوێ جێگیرن و تەنیا چاوەڕێی ئەوەن کە ئێمە نموونە و پرۆتۆتایپی بیەفزا بخەینە بازاڕەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە شێوازە خۆماڵییەکەی خۆیان تاوتوێی بکەن و پەرەی پێ بدەن.
لە ڕاستیدا ئەم بیەفزا ئێرانییە لە وڵاتانی دیکە بە شێواز و براندێکی دیکە دەخرێتە گەڕ. هەڵبەت ژیانی پرۆفیشناڵ و پیشەیی ئێمە و ئامانجمان ئەو پرۆژە سەرەکییەیە کە ئیشەڵا سەرکەوتووانە لەم پرۆژەیەدا کە زیاتر جێبەجێ دەکرێ، لە دنیادا دەخرێتە کار، چونکە کاتێک ئەم پرۆژەیە ببینرێ و هەڵبژێردرێ، پرۆژەکەی دواییش زۆر ئاسوودەتر و بە متمانەیەکی پترەوە قبووڵ دەکرێ و پێشوازییەکی گەرموگوڕتریشی لێ دەکرێت.
بیەفزا کەی بە فەرمی دەکەوێتە کار؟
ئێمە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢دا بە فەرمی پرۆتۆتایپی ئەپەکە بە شێوەی تایبەتی بۆ تیمی گەشەپێدان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەری «باگ»ەکان. هەروەها لە سەبەتەی سەرمایەگوزاریماندا بودجەیەکی دیار بۆ خستنەڕێی ئەو مەزنەپرۆژەیە لەبەرچاو گیراوە و کۆبوونەوەی گرینگمان هەیە لەگەڵ دەوڵەت و بانکەکانی وڵات و سەرمایەگوزارانی کەرتی تایبەت و چەند هۆڵدینگێکی دەرەکی.
یەک هەژمار، هەموو خزمەتگوزارییەک، تۆڕێکی سوودبەخش

بەپێی ئەو ڕوونکردنەوانە ئێوە تەنیا مارکێتپلەیسێک نین و بیەفزا زۆر بەرباڵوترە.
بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەرک و ئامانجەکانمان پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە بلیتی فڕۆکە و پاس و هۆتێل و شوێنی حەوانەوەی هەرزان و ڕیستورانت و فرۆشگە و هەموو شتێک کە بکرێ لێی زیاد بکەی، هەمانە. یانی تۆ هەر بزنسێک کە لە ئێران هەمانە و بکرێ وەک «بەرهەم، خزمەتگوزاری، بابەت، ڕووداو و...» دەتوانی لە بیەفزادا زیادی بکەی.
بەڕای ئێوە ئەو بەرباڵوییە خاڵێکی باشە؟
ئەمن ئەوەم بە شانس دادەنێم و هەست دەکەم کارەکەی ئێمە دەتوانێ کێبڕکێیەکە خەستتر بکاتەوە و کوالێتی بەرێتە سەرتر و ئەوەیش خاڵێکی بەهێزە. سەرچاوەبوون هەمیشە خاڵی بەهێزە؛ بۆ نموونە سەیری گووگڵ بکە کە لە پالتفۆرمە کامڵەکەی خۆیدا نەخشە و هەواڵ و کڕین و گەڕان و یاری و ئەو شتانەی هەیە. ئەوەی کە ئێمە چەندە لەڕووی هاردوێر و بابەتگەلی ماڵییەوە دەتوانین پشتیوانی لەو فرەچەشنی و بەرباڵوییە بکەین، بەرنامەمان بۆی هەیە لە بەشی پشکەکان و سەرمایەگوزاری، پشتیوانیی دەوڵەت و کەرتی تایبەت و تەنانەت کۆمپانیا دەرەکییەکان کە ئێمە هەر ئێستا کەوتووینەتە دانوستان لەگەڵیان و لەسەر ئەو مەسەلەیە زۆر پێداگرین و وزەیەکی زۆرمان هەیە.
خاڵە بەهێزەکانی بیەفزا چین؟ چ شتێک لە بیەفزادا هەیە کە دەتوانێ سەرنجی بەکارهێنەران ڕابکێشێ؟
هاوڵاتییەکی ئێرانی بێننە پێش چاوتان: بەیانی کە لە خەو هەڵدەستێ تا شەوگار شەق دەبێ، پێویستی بە چ خزمەتگوزارییەکە؟ بەپێی جۆری کار و خوێندنەکەی کۆمەڵێک پێویستیی هەیە کە هەر لە بەیانییەوە ژیانە دیجیتاڵییەکەی خۆی دەست پێ دەکا، پەیامنێر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی دەپشکنێ بزانێ ئاخۆ چ پەیامێکی بۆ هاتووە و شوێنکەوتووەکانی چ شتێکیان هاوبەش کردووە و سەرێکی ئەو ماڵپەڕ و ئەپە دەدات کە دەیەوێ شتیان لێ بکڕێت یان داوای خزمەتگوزارییان لێ بکات. ئەو کارانەی تاوتوێ دەکات کە بەتەمایە بیانکات و... بە گشتی کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشن و ئامرازی جۆراوجۆر لەبەر دەستە.
جا ئێستا بیهێنە پێش چاوت کە ئەو خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرانەی بەکارهێنەرێکی ئێرانی پێویستی پێیانە و بۆیان دەگەڕێ، هەموو لە پێگەیەکدا هەبن؛ واتە ئەتۆ هەژمارێکت هەیە کە نوێی دەکەیەوە و لیستەکانتی تێدا دادەنێی یان تێیدا دەگەڕێی. ئەوە خاڵێکی بەهێزی بیەفزاییە، جگە لەوەش ئێمە کۆمەڵێک ئیمکاناتی کەسیی دیکەشمان هەیە، بۆ نموونە ئەو کتێبانەی کە دەبێ بیانخوێنیتەوە یان ئەو خواردنانەی کە دەبێ لە ڕێجیمێکی خواردنی تەندروستدا هەتبن، ئەوانیش دەکرێ لە لیستەکەتدا هەبن.
ئێمە ئەوانە لیست و ڕیزبەندی دەکەین؛ ئەگەر حەزتان لێ بێت دەتوانن لیستەکەتان بۆ هاوڕێکانیشتان هاوبەش بکەن یان لە پێگە تایبەتییەکەی خۆتاندا بیپارێزن. یانی لیستی جۆراوجۆر: حاڵەتێکی کەسی، حاڵەتێک کە دەتوانن بۆ هاوڕێکانتان هاوبەشی بکەن و حاڵەتێکیش گشتی «پابلیک».
بەشی ڕاپرسیی بیەفزایش خاڵێکی بەهێزی دیکەیەتی. هەر بەکارهێنەرێک کۆمەڵێک حەز و هۆگریی هەیە کە لە ڕوانگەی خۆیەوە باشترینەکانن؛ خەڵک هەمیشە کێشەیان لەگەڵ کڕین و هەڵبژاردن هەیە، چونکە پارە دەدەن و خەرجێکیان دەکەوێتە ئەستۆ و لەوانەیە کاتیشیان لەدەست بچێ، بۆیە ڕاپرسی دەکەن: ئەوەت لە کوێ کڕی؟ چۆنت دابین کرد؟ دکتۆری باشت پێ شک دێ؟ و ئەو شتانە. ئێوەیش دەتوانن لە بیەفزادا بڵێن ئەمە لیستەی هەرە باشەکانی منە؛ جا ئێستا ئەگەر چەند ملیۆن کەس بێن و ئەو کارە بکەن، ئێمە لیستەیەکی ڕێکوپێکی هەزاران شتمان هەیە کە باقی بەکارهێنەرەکان ئیمتیازی پێ دەدەن.
سەرمایە، داهات و بازاڕ

لە بیەفزادا سەرمایەتان ڕاکێشاوە؟
بەڵێ ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا سەرمایەگوزارمان ڕاکێشا؛ بەڵام لە سۆنگەی بەرباڵویی کارەکە و ئاستی پێداویستییەکانی هاردوێر و شوێن و وزەی مرۆیی و پشتیوانی، خەزێنەیەکی سەرمایەگوزاریمان پێناسە کرد، کە نرخی هەر پشکێک چەندە بێ و سەرمایەگوزار چەندە دەتوانێ بێتە ژوورەوە و ئەو سەرمایەیە لە کام بەشدا و تا چ ئاستێک خەرج بکرێ. ئێمە دەمانەوێ ببینرێین و سەرمایەگوزارەکان بمانناسن بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە بە کوالێتییەوە بێتە بازاڕ و وا نەبێ کە ئێمە لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا بگەینە ئەو کوالێتییە و کاتمان لە دەست بچێ.
لەڕاستیدا بۆ دەستپێکی کار، سەرمایەی سەرەتاییتان دەستەبەر کردووە؟
ئێمە بۆ ناساندنی پالتفۆرمەکە سەرمایەی سەرەتاییمان دەستەبەر کرد، بەڵام کە بەردەنگەکان بچنەوە سەر پالتفۆرم، یان خەزێنە یان ئەپڵیکەیشنەکە، پێویستمان بە وزەی مرۆیی، شوێن، کەلوپەل و بانگەشە و سێرڤەر و داتاسەنتەری زیاتر دەبێ و لە ئاکامدا دەبێ بتوانین سەرمایەی زیاتر ڕاکێشین.
لەلایەکی دیکەوە بەردەنگیش ڕۆژ بە ڕۆژ چاوەڕوانیی زیاتری لە بیەفزا دەبێ و ئەوەیش دەخوازێ کە ئێمە بەشەکانی دیکەیش وردە وردە پتر بکەین و ئەو شتانە زیاد بکەین کە پێشتر دامانڕشتوون. وا نییە کە ئێمە بوارێکمان گەلاڵە کردبێ کە بێ ئەمالوئەولا هەموو دەرەتان و ئیمکانات و بەشەکانی ئامادە بێ، بەڵکوو دەمانەوێ لەگەڵ بەکارهێنەر هەنگاو بە هەنگاو و لە ڕەوتی زەمەندا گەشە بکەین.
شێوازی دەستەبەرکردنی داهاتی بیەفزا چۆنە؟
بەشی یەکەمی داهاتی ئێمە لە ڕێی بانگەشەوەیە؛ واتە کاتێک بوارێک دەڕەخسێنین کە کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی تێدا دەبینرێ و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی کە خەڵکی دیکە تێیدا چالاک بن، یەکەم بابەت بابەتی بانگەشە دەبێ، چونکە براندگەلێکن کە حەزیان لێیە زیاتر ببینرێن. بابەتی دووەم ئەو بەرهەمانەن کە بە گوێرەی ڕاپرسییەکان لێمان ڕوون دەبنەوە خەڵک حەزیان لێیانە و ئێمە بە گوێرەی ئەو سەرمایەگوزارییەی لە بەشی دووەمی بیەفزادا هەمانە، خۆمان دیزاینی دەکەین یان بەرهەمی دێنین، بەو مانایەی ئەو کاڵایە ئێمە بەرهەممان هێناوە و دەفرۆشرێ کە سوود و قازانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵە.
بابەتی سێیەمی داهاتی ئێمەیش لەسەر هاوبەشییە لە فرۆشتندا؛ وای دابنێین کۆمەڵێک بەرهەمی جیاجیا کە ئێمە دەیانفرۆشین، دەی دیارە بەشێک لەو داهاتی فرۆشتنە دێتەوە خەزێنەی ئێمە. بابەتی چوارەم ئەو ئامار و ڕاپرسیانەن کە لە بیەفزادا هەن.
بەشێک لەو ئامارانە شاراوەن؛ بۆ نموونە وەک بەکاربەرێکی ئاسایی دەزانن کە فڵانە ئایتم سەدا چەند دەنگی هێناوەتەوە، بەڵام نازانن چەند کەس دەنگیان پێ داوە و لە کام پارێزگا و شارەوەن؟ لە چ ڕەگەزێکن؟ تەمەنیان چەندە و چەندەیان خوێندووە؟ هەر ئێمە دەستمان بە کۆی ئەو داتایانە ڕادەگا؛ ئەگەر ناوەندەکان، کۆمپانیا و براندگەلێک بیانەوێ دەستیان بەو ئامارانە ڕابگا، ئێمە بەو پێیەی پابەندی ئەخلاقین و دەمانەوێ چوارچێوەی کەسیی بەکارهێنەرەکانمان بپارێزین و شتێکی تەواو ڕوونە، ئەو داتایانەی زیان بە چوارچێوەی کەسیی بەکارهێنەران ناگەیەنن، دەیانخەینە بەردەستی خاوەن کاڵاکان و دەوڵەت، بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگە ئامارییەکەیان کامڵتر بکەن.
ئێمە داهاتمان نەخستووەتە سەرووی هەموو شتێکەوە، بەڵکو بەشوێن ئەوەداین بەستێن بڕەخسێنین، چونکە ئەگەر بەستێنەکە دروست بکرێ، داهاتەکەیش دروست دەبێ.کامیل سەیدی
خەڵک پێناسەی دەکەن چ شتێک باشە

ئێوە داهاتووی بیەفزا چۆن دەبینن؟ ئەو بیەفزایەی بەم زووانە دەخرێتە کار؟
ئیشەڵا لە یەکەم هەنگاودا بەتەماین بیەفزا لە ئاستی وڵاتدا و لەو چوار بەشەدا کە ئاماژەم پێ دا بخەینە ڕێ و لە هەنگاوی دواییدا هەر ئەو کۆی بیەفزایە لەگەڵ ئەو براندەی پێشتر باسم کرد لە وڵاتانی دراوسێمان هەن و ئێمە لەوێ پێشینەی خوێندن و ژیان و کارمان هەبووە و پەیوەندیی زۆر قووڵمان لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانەدا هەیە وەک تورکیا، عێراق، ئەفغانستان، پەرە پێ بدەین.
ئێمە لەو وڵاتانەدا پێگەی کۆمەڵایەتیی زۆر باشمان هەیە؛ هەم تیمەکەمان و هەمیش خۆم کە لەوێ ژیاوم، پەیوەندیی زۆر تایبەت و نزیکمان لەگەڵ بژاردەکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتدا هەیە. دوورەدیمەنی ئێمە ئەوەیە کە پاش ئێران لەو وڵاتانەدا بە براندی تایبەتی خۆیان و لە ڕێی خۆماڵیکردن و لەگەڵ سەرمایەگوزارانی خۆجێیی ئەوێ ئەو کارە ڕابپەڕێنین.
هەنگاوی سێیەم پاش ئەو ڕووداوە، بەدڵنیاییەوە پرۆژە سەرەکییەکەی ئێمە دەبێت کە بە سەرمایە و ئەزموون و تیم و ئەو دەستکەوتانەوە کە هەمانە، کارەکان جێبەجێ دەکەین. هەڵبەت هەر ئێستا بەشێوەی هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ بیەفزا ئەو پرۆژەیە خەریکە جێبەجێ دەکرێ و خەریکین لەسەر لێکۆڵینەوە و بواری تەکنیکی و تاوتوێکردنەکانی کار دەکەین. ئیتر هەر بەرهەمێک بیرۆکەیەکی لە پشتە و بە شێوەی داهێنانێک بیچم دەگرێ، پاش بیرۆکەکە فۆرمۆلە دەکرێ کە چۆن جێبەجێ بکرێ و چوارچێوە و بیچم و پێکهاتەی UX دادەڕێژرێ و پاشان لە بەرنامەنووسیدا دەخوڵقێنرێت و پەرەی پێ دەدرێت و دواجار ئەزموونی بەکاربەری پێمان دەڵێ ئەم ئامێرە چۆن دەتوانێ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنێ و بەرەو باشتربوون بچێت.
دوورەدیمەنی ئێمە ئەوەیە کە خوا یار بێ براندێکی ئێرانی، بیرۆکەیەکی ئێرانی و ڕێگەچارەیەکی ئێرانییش دەتوانێ ببێتە شتێکی جیهانی. تەواوی ئامانجەکەی ئێمە ئەوەیە کە بە گوێرەی ئەوەی ئێمە سەرچاوەین و دەمانەوێ پەیامی خەڵک ببینرێ و ببیسرێ، خەڵک بێن و قسەی خۆیان بکەن کە دەتوانێ لایەنی سەلیقە و دەنگدان و بیروباوەڕ و هەموو شتێکی دیکەیش بێ. ئەگەریش قسەیەک پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی بێ، خەڵک خۆیان بایکۆتی دەکەن و ڕەدی دەکەنەوە.
لە بەشی بیەفزا و نەیەفزادا، وا بکە و وامەکە لەسەر چ بنەمایەکە؟
کاتێک ئەمن ئەو بیرۆکە سەرەکییەم هێنایە گۆڕێ، ڕاوێژکارە تەکنیکییەکانم گوتیان لەڕووی تەکنیکی و ژێرخانەوە ئەو شتە لە ئێراندا مەحاڵە و ئێمە دەتوانین تەنیا ١٥٪ی ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکەین کە وەک پرۆتۆتایپێکی ڕاستەقینە بێ و دواییش دەتوانین سەرمایەی دەرەکیی بۆ ڕاکێشین.
ئەمن لە پێشدا زۆر بەجێ و پسپۆڕانە پێشوازیم لەو بۆچوونە کرد و دواجار کەوتمە بیری پرۆژەیەکی بچووکتر لەو پرۆژە مەزنە. پێش ئەوەی بیرۆکەی بیەفزا لەو کتێبە ئەلکترۆنیکەوە هەڵبێنجرێ کە دروشمەکەی «لە خۆت زیاد بکە» بوو، باسی براندێکم بۆ هاوڕێکانم کرد بە ناوی «دروست». ئەوەی کە براندێک دابنێین بەناوی «دروست»، ڕێی دروست، کاری دروست، جێی دروست و دروشمی دروستیشمان بۆ داڕشت؛ بۆ نموونە گوتم شوێنی دروست ئێرەیە، وەک کافێ یان ڕیستورانت و هەر شوێنێک کە بۆ حەوانەوە گونجاو و دروست بێ، یان «کاری دروست» ئەو دەرفەتە کارییانەیە کە ئێوە بە شوێنیانەوەن و زۆر شتی دیکە کە دروست بێ.
بە پێچەوانەی ئەو وێنەیەی لەوانەیە دەربارەی بیەفزا بێتە پێش چاو، ئێمە فرۆشگە و تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نین، بەڵکوو ئێمە لیستەیەکین لە تەواوی ئەو شتانەی لە ئێراندا هەیە، بە باش و خراپ و هەموو کوالێتییەکەوە، و ئەوە خەڵکن پێناسەی دەکەن چ شتێک باشە و چ شتێک باش نییە.کامیل سەیدی
ژیرییەک کە تێدەگات، هاوڕێ دەبێت و ڕێز دەگرێت

بیەفزا کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی ستارتاپە باشەکانی ئێرانی لە خۆیدا هەیە و تازە دەست پێ دەکات، چۆن بەکارهێنەرانێک ڕادەکێشێ کە بە ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە ڕاهاتوون؟
کامیل سەیدیئێمە لە درێژایی مێژوودا، لە نموونە تەکنۆلۆژییەکانەوە بگرە تا نموونە نەریتییەکان، گەلێک حاڵەتمان هەبووە کە براندێک یان کۆمەڵەیەک یەکەم بووە، بەڵام بەپێی هەڵە و گۆڕانکاریی بەڕێوەبەرایەتی و... دابەزیوە و نەیتوانیوە خۆی نوێ بکاتەوە و زیانی بەرکەوتووە؛ بۆ نموونە هەر یاهۆ کە دەزانن لە چ بوارێکدا یەکەم بوو و دواتر گووگڵ هات و ئەو پێگەیەی لێ سەند. کوالێتیی بیەفزایش لەم یاسایە بەدەر نییە و دەتوانێ سەلیقە و ڕوانگەی بەردەنگەکەی ڕابکێشێ.
ئێوە چ ڕێگاچارەیەک لەم بوارەدا دەگرنە بەر؟
کامیل سەیدیسەرنجڕاکێشی، سادەیی، سەرچاوەبوون و بەکارهێنەرپەسەندیی بیەفزا دەتوانێ یارمەتی ڕاکێشانی بەکارهێنەران بدات. شێوازی زۆر بۆ ئەم مەسەلەیە هەن و ئێمە هەموو شێوازەکانی مارکێتینگ، ناوەرۆکسازی، بانگەشە، میدیای بینراو و بیستراو، ڕووداوە تایبەتییەکانی کە بۆ ئەم بابەتە هەمانە، بەکارهێنانی کارەکتەرە خۆشەویستەکان کە لەنێو خەڵکدا بینراون و بانگهێشتکردنیان بۆ بەکارهێنانی ئەم بوارە و... بەکار دێنین.
ئەمین بارانی، ٣١ ساڵ، پسپۆڕی ژیریی دەستکردە و وەک CTO لە بیەفزا چالاکە. ئەو دەربارەی ڕاکێشان و وەفادارکردنی بەکارهێنەران چی دەڵێت؟
ئەمین بارانی، جێگری تەکنیکیدەمەوێ خاڵی «سەرچاوەبوون» کەمێک زیاتر ڕوون بکەمەوە.
ئێمە نەرمەکاڵامان هەبوو کە چەند ساڵ لەمەوپێش دروست بووبوون و شارژیان دەفرۆشت؛ ئێوە نەرمەکاڵاکەتان کار پێ دەکرد و شارژی مۆبایلتان وەردەگرت. دواتر نەرمەکاڵایەک هات شارژی ئینتەرنێتیشی دابین دەکرد و زۆر کەس کۆچیان کرد بۆ ئەوێ.
دواتر نەرمەکاڵایەکی دیکە کارتبەکارتی زیاد کرد و بۆیە بەکارهێنەری زۆر ڕوویان تێکرد، چونکە لەبری بەکارهێنانی چەند مۆبایلبانکێک، ئەو نەرمەکاڵایەیان دادەبەزاند و شارژیان وەردەگرت، ئینتەرنێتیان شارژ دەکرد و کارتبەکارتیشیان دەکرد. لە درێژەی ئەو فراوانبوونەدا، یەکێکی دیکە هات و بلیتی فرۆشت و بەم شێوەیە زیادیان کرد. کەوابوو یەکەم خاڵ دەربارەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە سەرچاوەین.
خاڵی دووەم تۆڕی کۆمەڵایەتییەکەمانە. نەرمەکاڵاکان ئێستا، جگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پەیامنێرەکان، یەکلایەنە بوون. لەڕاستیدا کەموکوڕیی نەرمەکاڵا خزمەتگوزارییەکان ئەوەیە کە یەکلایەنە و یەکسۆن، بەو شێوەیە کە دروستکەر کۆمەڵێک ئیمکان دەدات و ئەو کەسە دەبێ بەکاری بهێنێ و هیچ کارلێکێکی لەگەڵ نەرمەکاڵاکەدا نییە.
لە کاتێکدا نەرمەکاڵاکەی ئێمە دەکرێ پەیامنێر نەبێ، بەڵام کارلێکی هەبێ. کاتێک داوا لە بەکارهێنەر دەکەین دەنگ بدات بە بەرهەمێک، تێدەگات کە بۆچوون و دەنگی ئەو گرینگە.
ئێمە لە بیەفزادا ژیرییەکی دەستکرد بەرهەم دەهێنین کە بەکارهێنەران «تێبگات»، لەگەڵیان «هاوڕێ» بێت و «ڕێزیان» لێ بگرێت.تیمی بیەفزا · شنبه ١٦٤
لە «کتێبی ساڵی ستارتاپەکانی ئێران ٢٠٢٠»دا

بیەفزا لە لاپەڕەکانی ١٣٦ و ١٣٧ی «کتێبی ساڵی ستارتاپ و کۆمپانیا زانستییەکانی ئێران» (Iranian Startups Year Book 2020)ـیشدا باس کراوە.
دەتانەوێت دەربارەی ئەم ڕێگایە، لە بیەفزاوە تا ئەمڕۆ، قسە بکەین؟
هاوبەشی


گفتوگۆ
بۆچوونەکان پێش دەرکەوتن لەلایەن کامیلۆوە دەبینرێن.